پێت وا نه‌بێ ئه‌وه‌نده بێ‌ده‌م و پل‌و بێ‌هونه‌رم... نا! ته‌واوی هونه‌ری من له‌نێو ده‌ماخ‌و له‌سه‌ر زمانم كۆ بوونه‌ته‌وه. ئه‌من به ده‌ماخم ده‌نگی شه‌یپوور ده‌ردێنم. به زمانم ساز لــێ‌ده‌ده‌م. به ده‌ستم ته‌مبور و به قاچیشم ته‌پڵ لـێ‌ده‌ده‌م.. به‌ڕای ئێوه ئه‌م هونه‌رانه كــه‌مـن؟!
به‌لاَم وێڕای ئه‌م هه‌موو هونه‌ره‌م، ماوه‌یه‌كی زۆر برسیه‌تیم كێشاوه. ئاخر له‌م ڕۆژ و ڕۆژگاره‌دا كه‌س توانا و تاقه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه گوێ له مۆسیقا بگرێ؛ ئیدی له هه‌ر شوێنێك كاری خۆم ده‌ست پێ‌ده‌كرد، له‌باتی ئه‌وه‌ی پاره‌م پێ‌بده‌ن، سه‌دان جوێنیان پێشكێشی دایك و بابم ده‌كرد!
به‌یانی تا ئێواره به دوای كاردا ده‌گه‌ڕام و سه‌رم به گشت كون و قوژبنێكدا ده‌كرد. به‌لاَم كار ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت. هه‌موو لێیان ده‌پرسیم:
- چ كارێك ده‌زانی؟
من، كه نه‌مده‌توانی بڵێم: هه‌ر كارێك بڵێی، ده‌یزانم، ناچار بووم ڕاستییه‌كه‌ی بڵێم. هه‌ركه هونه‌ره‌كانی خۆم ئهنگوستژمێر ده‌كرد، قاقای پێكه‌نینی خاوهنكاران به‌رز ده‌بۆوه و گاڵته و لاقرتییان پێ‌ده‌كردم:
- توخوا ئه‌مه‌ش بوو به كار؟! کوڕی باش، بڕۆ فیكری نان بكه، خه‌رووزه ئاوه!
ده‌مگوت:
- ئیوه سه‌ره‌تا ڕێم بده‌ن هونه‌رێك له هونه‌ره‌كانم بنوێنم، پاشان ڕه‌خنه بگرن.
به‌لاَم كه‌س ئاماده نه‌بوو ته‌نانه‌ت به خۆڕاییش سه‌یری هونه‌ری من بكا و له ئاكامیشدا بێ‌حورمه‌تیشیان ده‌كردم و ده‌یانكردمه ده‌ره‌وه:
- یاڵلاَ ون به له به‌ر چاو..
ئه‌من له حاڵێكدا له ده‌رگا ده‌چوومه ده‌ره‌وه، ده‌ستم به نواندنی كۆنسێرته‌كه‌م ده‌كرد.. لێره‌دا ده‌نگی پێكه‌نینی ئاماده‌بووان به‌رز ده‌بۆوه.. هێندێكیان ئه‌وه‌نده خۆشیان ده‌هات به هه‌ر دوو ده‌ست ڕایانده‌گرتم و ده‌پاڕانه‌وه درێژه‌ی پێ‌بده‌م...
كه‌س باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد كه من ئه‌م ده‌نگانه به لووت و ده‌م ده‌ردێنم.. ئاوازی من ورده، ورده كاریگه‌ریی له‌سه‌ر داده‌نان به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نانه‌ت مرۆڤه به ته‌مه‌ن و ماقووڵه‌كانیشم سه‌رخۆش ده‌كرد. ئه‌وانه‌ش كه له هه‌وه‌ڵه‌وه ده‌یانكردمه ده‌ره‌وه، خه‌میان ده‌خواردم و به‌زه‌یییان پێم‌دا ده‌هاته‌وه:
- حـه‌یف! له‌م ولاَته هاتوویه دنیاوه!! ئه‌گه‌ر تۆ له ئورووپا، یان ئه‌مریكا بای، ئێستا بۆ خۆت ببوویته ملیۆنێر!!
تۆ مه‌ڵێ.. ولاَتی خۆمان شوێنی ئێمه نییه.. ده‌بێ بچینه ئورووپا، یان ئه‌مریكا! ده‌رده‌كه‌وێ خوا به‌نده‌ی خۆی كردۆته دوو به‌شی لێكجیاوازهوه.. به‌شێكیانی خه‌ڵق كردووه تا له ئه‌فریقا و ئاسیادا بژین، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش له ئورووپا و ئه‌مریكا! ئێمه له ده‌سته‌ی ڕووت‌و قووته‌كانین؛ بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌زار هونه‌ریشمان هه‌بێ، به كه‌ڵكی هیچ نایه‌ین و ده‌بێ هه‌رده‌م برسیه‌تی بكێشین و شـوكـور بكه‌ین!
خۆ ئه‌گه‌ر به هه‌ڵكه‌وت له‌گه‌ڵ كابرایه‌ك كه له هونه‌ردۆستانی مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌مانه، به‌ره‌و ڕوو نه‌بوومایه، ئێستا له‌تاو برسیه‌تی فاتیحام خوێندرابوو!
ئاشنایه‌تیی ئێمه به‌م شێوه‌یه ده‌ستی پێ‌كرد: ئه‌من له تیئاترێكی چووكه‌دا به‌رنامه‌م به‌ڕێوه ده‌برد. سه‌رتان سوڕنه‌مێنێ!! گۆیا به‌رنامه‌ی هونه‌ری بوو.. ئۆركیستم لــێ‌ده‌دا، له‌سه‌ر شانۆدا ئاوازم ده‌خوێند، به جل و به‌رگی ژنانه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕیم، بلیتم ده‌فرۆشت، کاری دیكۆرم ده‌کرد و ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌رێكیش نه‌خۆش كه‌وتبا، له شوێنه‌كه‌یدا وازیم ده‌كرد.
... جارێكیان شانۆنامه‌ی ”هاملێت”ی شێكسپییرمان به‌ڕێوه ده‌برد.. ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌بوو ڕۆڵی هاملێت بگێڕێ، نه‌خۆش كه‌وتبوو.. بڕیار وا بوو من ڕۆڵی وی وازی بكه‌م. به‌لاَم كه‌س پێی نه‌گوتبووم بابه‌تی نمایشه‌كه چییه! ڕه‌نگه گوتبێتیشیان و من بیرم چووبێته‌وه.
به‌كورتی، دوایین نمایش كه هه‌فته‌ی ڕابوردوو پیشانمان دابوو، شانۆنامه‌ی “له‌بله‌بی فرۆشه‌كه” بوو؛ بۆیه من ئه‌و شه‌وه به‌ته‌واوی له بیری ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا بووم.
كاتێك كه نۆره‌ی من هات، جل‌و به‌رگی ”له‌بله‌بی فرۆشه‌كه”م له‌به‌ر كرد و له حاڵێكدا به ده‌م شه‌یپوورم ده‌ژه‌ند و ته‌مبورم لـێ‌ده‌دا، چوومه سه‌ر ته‌خته‌ی شانـۆ.
چاك وه پێش چاوی خۆتی بێنه، من كه ده‌بوایه ڕۆڵی شازاده‌ی دانمارك بگێڕم، به‌م سه‌ر و سه‌كوت و جلانه‌وه له دیكۆری كۆشكی سوڵتاندا خۆم بینییه‌وه.
هه‌را و پێكه‌نینی دانیشتووان كه‌ش و هه‌وای ساڵۆنه‌كه‌ی پڕ كرد. ئه‌من له‌پڕ كه‌وتمه خۆ و چاوێکم به خۆم‌دا گێڕا.. سه‌ره‌تا به یه‌كجاری ده‌ست و پێی خۆم ون كرد. نه‌مده‌زانی چ بكه‌م.. داخۆ هه‌مان ڕۆڵی له‌بله‌بی فرۆشه‌كه درێژه بده‌م، یان له سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ بێمه خواره‌وه و جل‌و به‌رگی هاملێت له‌به‌ر بكه‌م و ئه‌م ڕۆڵه وازی بكه‌م؟!!
دوو، سێ ده‌قیقه هه‌ر به‌و شێوه‌یه كڕ و كـپ مامه‌وه و له شوێنه‌كه‌ی خۆم‌دا چه‌قیم.. سه‌ره‌نجام بڕیارم دا هه‌ر به‌و جل‌و به‌رگانه‌وه ڕۆڵی هاملێت بگێڕم!…
ئه‌و ئافره‌ته‌ی ڕۆڵی به‌رامبه‌ری ده‌گێڕا، شتێكی وای له‌من كه‌متر نه‌بوو. وێڕای ئه‌وه‌ی سی‌و پێنج ساڵێك له ته‌مه‌نی تێپه‌ڕ ده‌بوو، جلێكی سووری ناحه‌زی له‌به‌ر بوو، ناشاره‌زایانه قژی له ته‌وقی سه‌ریه‌وه كۆ كردبۆوه و سوور و سپیاوێكی ناله‌باری كردبوو.. ژێر كراسه ڕه‌شه‌كه‌ی دوو، سێ سانتێك له ژێر جله‌كانیه‌وه هاتبووه ده‌ره‌وه.. كاتێك كه به پێلاَوه شه‌ق و بهنوازهكانیهوه به سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆدا ده‌هات‌و ده‌چوو، دڵی مرۆڤی هه‌وڵ ده‌كرد.
به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بوو، مۆنۆلۆگه‌كه‌ی هاملێتم ده‌ست پێ‌كرد:
- ”من تۆڵه‌ی خوێنی باوكم له تاوانكاران ده‌ستێنمه‌وه. ئه‌من شازاده هاملێتم و لـێ‌ناگه‌ڕێم په‌روه‌نده‌ی مه‌رگی بابم بكه‌وێته پشت په‌رده‌ی شك و گومان و فه‌رامۆشییه‌وه و ئه‌و خوێنخۆره گلاَوه، كه ده‌ستی به خوێنی بابم سوور بووه، له چنگی عه‌داڵه‌ت هه‌ڵبێ.”
بێده‌نگ بووم تا وچانێك بده‌م كه له‌پڕ یه‌كێك له دانیشتووان له بنی ساڵۆنه‌كه‌وه مه‌ته‌ڵۆكێكی ئاوداری بۆ ڕه‌وانه كردم. ده‌نگی پێكه‌نینی ده‌ور‌وبه‌ر به‌رز بۆوه. دیتم ئه‌گه‌ر له‌مه زیاتر مه‌ودا بده‌م، وه‌زعه‌كه قۆڕتر ده‌بێ؛ بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ساڵۆنه‌كه‌دا زاڵ بم، به ده‌نگێكی به‌گوڕتر و به‌رزتر درێژه‌م دا:
-“ ئه‌من خوێنخۆران به ده‌ستی خۆم ده‌خنكێنم و به‌م چنگانه‌م له‌ت و په‌تیان ده‌كه‌م.”
هریكه‌و پێكه‌نینی كه‌سێكی دیكه، كه له نێوه‌ڕاستی ساڵۆنه‌كه‌وه ده‌گه‌یشته گوێ، وه‌زعه‌كه‌ی به یه‌كجاری تێك دا و.. ئه‌منیش به شێوه‌یه‌ك سه‌رم لـێ‌شێوا، هه‌رچییه‌كیشم ده‌زانی، بیرم چۆوه.
خۆ ئه‌وه‌شم ده‌زانی كه له سه‌ر شانۆدا نابێ بێده‌نگ بم و ده‌رفه‌ت بۆ قاڵكه‌ران و ئاژاوه‌گێڕان بڕه‌خسێنم هه‌را و هوریا بكه‌ن؛ بۆیه گشت هێز و گوڕم له خۆدا كۆ كرده‌وه و هاوارم كرد:
-“ ئه‌من سكالاَی خۆم ده‌گه‌یه‌نمه دادگا. داوای یارمه‌تی له یاسا ده‌كه‌م و تكا له پزیشكی یاسایی ده‌كه‌م ته‌رمی بابم “كالبدشكافـی” بكا‌و ڕازی ئه‌م تاوانه بدركێنێ …”
ئه‌مجاره‌یان گوێم له ده‌نگی خاوهنتیئاتر بوو كه له پشت په‌رده‌وه به‌تووڕه‌یییه‌وه ده‌یگوت:
- گه‌مژه! ئه‌و گه‌ن‌و گووه چییه ده‌یخۆی؟! وه‌ره ده‌ره‌وه..
به‌لاَم من هه‌ر به‌و شێوه‌یه ڕۆڵی خۆم درێژه ده‌دا:
- ئه‌من خۆم تاوانكار ده‌ناسم، ئه‌وه‌ی بابی منی كوشتووه، ماممه.. من خۆم ده‌یده‌م به ده‌ست پۆلیسه‌وه..
له‌ژێر چاوه‌وه سه‌یری “ئۆڤیلیا”م كرد. ئه‌و بێچاره‌یه وه‌زعی له من خراپتر بوو.. له نێوه‌ڕاستی سه‌كۆكه‌دا ڕاوه‌ستابوو و سه‌یری ده‌کردم...
چووم به‌ره‌و لایه‌وه و به شێوه‌یه‌كی عاشقانه هه‌ر دوو چاوی خۆم خومار كرد و به ده‌نگێكی گڕ و هێمن گوتم:
- ئه‌ی ئۆڤیلیای خۆشه‌ویست، له‌م دنیا پان‌و به‌رینه‌دا ته‌نیا تۆ یار‌و یاوه‌ری منی...
پاشان خۆم فڕێ دایه باوه‌شیه‌وه. ئۆڤیلیا، كه ئاماده نه‌بوو پێشوازی له من بكا و له به‌رامبه‌رمدا خۆی ڕابگرێ، چه‌شنی دارێك كه زریانێكی توند لێی هه‌ڵ ده‌كا، له شوێنی خۆی هه‌ڵ كه‌نرا و.. هه‌ردووكمان له سه‌ر شانۆدا به سه‌ر یه‌كدا ڕماین.
ده‌نگی ناڕه‌زایی و پێكه‌نینی دانیشتووان به‌رز بۆوه و كاكی ده‌رهێنه‌ریش ده‌ستووری دا په‌رده دابدرێته‌وه.
ده‌رهێنه‌ر به‌تووڕه‌یییه‌وه هاته سه‌ر شانۆ‌و هاواری كرد:
- شێت‌و وێت!.. ئه‌م گاڵته‌جاڕییه چییه؟! باشه ئه‌مه شانۆیه، یان گۆڕه‌پانی كه‌ر و گا تۆ هه‌ر گه‌ن‌و گوویه‌كت به زاردا بێ، بیڵێی؟!
پاشان ده‌ستی گرتم‌و به ده‌م تێهه‌ڵدانێكه‌وه له ده‌رگای تیئاتره‌كه‌وه فڕێی دامه ده‌ره‌وه و گوتی:
- ده ون به له پێش چاوم!..
هه‌ڵبه‌ت ده‌ركرانم ئه‌وه‌نده گرینگ نه‌بوو؛ چونكه به‌خۆڕایی كارم ده‌كرد! ته‌نیا عه‌یبی كاره‌كه له‌وه‌دا بوو، یه‌كه‌م: به هه‌مان جل‌و به‌رگی له‌بله‌بی فرۆشه‌وه ده‌ر كرام و لـێ‌نه‌گه‌ڕان لانیكه‌م كۆت و شه‌ڵواره شڕه‌كه‌ی خۆم له‌به‌ر بكه‌م.. دووه‌م: مرۆڤ كاتێك كه بۆ خۆی سه‌ری كارێك ده‌گرێ، ده‌توانێ پاره له هه‌موو كه‌سێك قه‌رز بكا؛ به‌لاَم ئێستا چیدی قه‌رزیشیان پێ‌نه‌ده‌دام.