|
|
|
|
|
دڵۆپێک فرمێسک بۆ "ندا" که‌ریم تاقانه ڕاپه‌ڕین و ناڕه‌زایه‌تیی سه‌دان هه‌زار خه‌ڵک دژ به کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و ڕێژیمه‌ی زیاتر بۆ دنیای ده‌ره‌وه ده‌رخست و وه‌ک بینیمان، سه‌رنجی هه‌موو خه‌ڵکی دنیا و گشت میدیاکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. دنیای ده‌ره‌وه ئێستا ئیدی ئیمان به‌و ڕاستییه دێنێ که هه‌ڵبژاردن له کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا، گه‌مه‌یه‌ک زیاتر نییه و له ئه‌نجامدا ئه‌وه ته‌نیا که‌سانێکی شاقه‌لدرێژن که ده‌نگی هه‌موو میلله‌ت بۆ پاراستنی ڕیژیم و درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی پڕ له شووره‌ییی خۆیان، ده‌خنکێنن و باکیشیان له هیچ نییه. ئه‌من له‌م دووری دووره‌وه سه‌یر ده‌که‌م و گوێ ده‌گرم و دڵه‌ڕاوکه‌مه.. ئۆقره ناگرم.. دوورم، به‌ڵام له نێزیکه‌وه ئاگام له‌و هاوار و قیژه و زریکانه‌یه.
یه‌که‌مجار که ئه‌و سه‌حنه تراژیدی و جه‌رگبڕه‌ی "ندا"م دیت، له‌گه‌ڵ یه‌ک، دوو هاوڕێ دانیشتبووم. واقمان وڕما و زمانی هه‌ر هه‌موومان بۆ چه‌ند ساتێک له گۆ که‌وت. نازانم، بیرم شاشه.. داخۆ ده‌ستی چڵکنی کامه ویژدان‌تۆپیوێکیان بوو که به‌و شێوه خوێنی دڵی "ندا"ی ڕژانده سه‌ر سینگی زه‌وی..؟! خه‌ڵکینه ده‌بێ دڵ و ده‌روونی ئه‌و که‌سه چه‌نده خاڵی بێ له به‌زه‌یی و عه‌شق و جوانی که ئاوا بێ‌ڕوحمانه گوڵێکی تازه پشکووتوو، به به‌رچاوی دنیاوه هه‌ڵده‌وه‌رێنێ و پارچه پارچه‌ی ده‌کا..؟! به‌ڵام له هه‌مان کاتدا بۆ ئێمه‌ومانان که ئه‌و ڕێژیمه پیسه ده‌ناسین، کاره‌ساتی ئه‌وتۆ و له‌وه‌ش دڵته‌زێنتر چاوەڕوان کرواه. به‌ڵام ... "ندا"...! که سینگی تۆ پێکرا و داچۆڕایته سه‌ر عه‌رز، گشت وجوودی غه‌ریبی من، له‌م غه‌ریستانه‌دا گیرا و گریا و ڕه‌ش داگه‌ڕا.. ڕه‌شتر له مانتۆ ڕه‌شه‌که‌ت و چاوه ڕه‌شه‌کانت. کاتێکیش پێڵووت کرده‌وه و دوا نیگای زامدارت بڕییه نێو چاوانم، دنیایه‌کی سه‌وز و ئه‌به‌دیم له ده‌ریای چاوانتدا کرده دی و ئه‌وکات ئیدی .. گریام. |
||